• نوێترین بابەت

    May 10, 2018

    جێگۆڕکێی کار چیە و سودەکانی؟




    جێگۆڕکێی کار یەکێکە لەو کردارانەی بەشێکی زۆر لە دەزگاکان پەیڕەوی لێدەکەن لە کاتێکدا هەندێ دەزگا پابەند نابن پێیەوە ، جێگۆڕکێی کار بە سوودێکی زۆر بۆ دەزگاکە دەشکێتەوە ، هەوەها بۆ دەزگای گەورەو بچوک کاری ئاڵۆز و سادەش هەر گونجاوە ، بۆیە ئەم بابەتەم تەرخانکرد بۆ ئەو مەبەستە.

    جێگۆڕکێی کار بریتییە لە گواستنەوەی کارمەندێک لە کارێکەوە بۆ یەکێکی دی یان لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی تر ، ئەم کارە ناوبەناو ئەنجامدەدرێت بێئەوەی پێویستییەکی پیشەیی هەبێت بۆ ئەم کارە، جێگۆڕکێی کار کردارێکە بەڕێوەبەر یان دەزگاکە بە بەردەوامی ئەنجامی دەدات تەنانەت گەر ئەو جێگە وەزیفییە بەتاڵیش نەبێت ، یان تەنانەت گەر هیچ کێشەیەکیش لە ئارادا نەبێت، واتە بەڕێوەبەر بە ویستی خۆی ئەم کارە دەکات ، لەکاتێکدا هەندێ جێگۆڕکێی تر هەیە بەناچاری دەکرێت ئەویش بەهۆی بەتاڵبونی وەزیفەیەک، یان دروستبوونی کێشەیەک لە نێوان بەڕێوەبەر و کارمەندەکەی یان بە هۆی خراپیی ئەدای یەکێک لە بەشەکان.
    ئەو دەزگایانەی ئەم سیستمە پەیڕەو دەکەن بە گوێرەی سروشتی شوێنەکە هەر ماوەیەو کارمەندەکانیان جێگۆڕکێ پێدەکەن ، لە سیستمانەدا کرێکار هەرچەند ڕۆژەو جارێک جێگۆڕکێی پێدەکرێت لەکاتێکدا ئەندازیارەکان بە دوو تا سێ ساڵ جارێک ئەم جێگۆڕکێیەیان پێدەکرێت ، بەم جۆرەش دەبینین جێگۆڕکێی کار سیستمێکە هەموان دەتوانن پەیڕەوی لێبکەن هەرلە خاوەن دوکانێکەوە تا دەگات بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئوتۆمبیلێک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک و بە ڕێوەبەری هۆتێلێک...هتد.
    سوودەکانی جێگۆڕکێی کار
    تدوير العمل له فوائد كثيرة مثل:
    جێگۆڕکێی کار سوودێکی زۆری هەیە وەکو:

    -1هاندانی کارمەندان:
     کاتێک ئەندازیار یان بەڕێوەبەر بۆ ماوەیەکی زۆر ، بۆ نمونە دە ساڵ،  هەمان کاردەکات ئیتر دووچاری وەڕسبوون دەبێت لە دووبارەبوونەوەو ڕووبەڕووبەونەوەی هەمان کێشەکان ، هەربۆیە گواستنەوەی بەڕێوەبەر هەموو سێ ساڵ یان چوار ساڵ جارێک هانی دەدات باشتر لە پیشە نوێکەی تێبگات و خۆی ئامادەبکات بۆ کێشەی نوێ کە پێشتر پێیان ڕانەهاتوە ، کرێکاریش بەهەمان شێوە کاتێک ڕۆژانە هەمان کار ئەنجام دەدات تووشی وەڕسبوون دەبێت ، بەڵام کاتێک هەرچەند ڕۆژەی یان هەفتەیەی کارێکی نوێ ئەنجام دەدات ئیتر دەبێتە مایەی هاندانی بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت ، هەروەک لە (بیردۆزەکانی هاندان) دا پێشتر باسمانکرد ، بە گوێرەی تیۆری (ماسلۆ) یەکێک لە پێداویستییەکانی مرۆڤ سەلماندنی خۆیەتی ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە لێپرسراوێتی نوێ لە ئەستۆ بگرێت ، بە گوێرەی (تیۆری کرێکاران) ی (هێزبێرگ) یەکێک لە هۆکارەکانی هاندانی کرێکاران بریتییە لە کاری نوێ و لەئەستۆگرتنی لێرسراوێتی

    -2پێشخستنی کار: 
    کاتێک کارمەند کارێکی نوێ لەئەستۆ دەگرێت سەرەتا بە قۆناغی فێربووندا دەڕوات و پاشان دەستدەکات بە بەرەوپێشچوون لەکارەکەییدا ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات وای لێدێت بیرۆکەکانی وشک دەکات یان ڕادێت لەگەڵ کێشەکاندا و هەوڵ نادات ڕووبەڕووی ببێتەوە، هەر بۆیە گواستنەوەی کارمەند لەبەشی بازاڕکردن بۆ بەشی فرۆشتن یان لەبەشی لۆجستیک بۆ بەدواداچون دەبێتە هۆکاری دروستبوونی بیرۆکەی تازەو تێڕوانینێکی نوێ دەبەخشێتە  ئەو شوێنەی کەبۆی دەگوازرێتەوە ، بەم شێوەیەش جێگۆڕکێی کار بیرۆکەی تازە دەبەخشێتە هەموو بەشەکان.

    3دەستەبەرکردنی بەدیل بۆ سەرجەم کارمەند و بەڕێوەبەرەکان: 
    گواستنەوەی کرێکار یان فەرمانبەر لە ئیشێکەوە بۆ یەکێکی تر هێزێک بە دەزگاکە دەبەخشێت لە ئەگەری وازهێنانی یەکێک لە بەڕێوەبەرکان یان کارمەندەکان بە گشتی چونکە هەمیشە چەند بەدیلێک ئامادەیە، چونکە فڵان کەس دوو ساڵ لە فڵان جێگا کاری کردوە و ئەو کرێکارە مانگی جارێک دەهاتە ئەو بەشە بۆ کارکردن و فڵان بەڕێوەبەر پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەم بەشەی دەبرد بە ڕێوە، بەڵام ئەو دەزگایانەی کار بەم سیستمە ناکەن دەستەوسانن کاتێک بەڕیوەبەرێک یان تەنانەت کارمەندێکی بچوکیشیان دەست لەکار دەکێشێتەوە، بەوشێوەیەش ناچارە کەسێکی شارەزا لە دەرەوەی دەزگاکە دابمەزرێنێت بە موچەیەکی بەرز و کاتێکی زۆریشی بۆ تەرخان دەکات و هەندێک جار دەبێت زیانی ئەوەش لە ئەستۆ بگرێت کە ڕاهێنان بۆ ئەو بەڕێوەبەر یان کارمەندە تازەیە دەستەبەر بکات.

    4ئامادەکردنی کۆمەڵێک بەڕێوەبەرو لێپرسراو کە شارەزاییان لەچەند بوارێکی جیاوازدا هەیە:
     کاتێک بەڕێوەبەرێک سەرپەرشتی چەند بەشێکی جیاواز دەکات لەماوەی دە ساڵدا ئەوا مانای ئەوەی کە ئامادەیە تا پۆستی باڵاتر وەبگرێت و هەموو جومگە شاراوەکانی ئەو بەشانەی کاری تێدا کردوون شارەزابێت لێیان، هەمان قسە بۆ ئەو سەرپەرشتیاری کرێکارانەش ڕاستە کە کاریان لەچەند بەشێکدا کردوە و لە چەند شارەزاییەک بەهرەمەند بووە ، جێگۆڕکێی کار جۆرێک لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر دروستدەکات کە لە دەرەوەی دەزگاکە بەدەست ناکەون.

    5-بەئاسانی لەیەکگەیشتنی فەرمانبەر و بەڕێوەبەر بۆ ئەو کێشانەی هاوکارەکانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە:
     کاتێک ئەندازیارێک لە بەشی کارپێکردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەشی چاککردنەوە لەئەنجامدا لە کێشەکانی هەردوو بەشەکە تێدەگات، کاتێکیش لەبەشی پلاندانی بەرهەمهێنانەوە دەچێتە بەشی فرۆشتن ئیتر لە کێشەکانی بەشی فرۆشتنیش بە ئاسانی تێدەگات، بەم شێوەیەش  جێگۆڕکێی کار ئەو هەلە دەخاتە بەردەستی فەرمانبەر کە لەگەڵ کێشە جیاوازەکانی هەربەشێکدا بژی و ئاسانتر لە کێشەکانی هاوکارەکانی تێبگات.


    -6بەخشینی هەل بە کارمەند تا بتوانێت ئەدای بپێویت لە بارودخی جیاوازدا:

    جێگۆڕکێی کار ئەوهەلە دەبەخشێتە کارگێڕێ دەزگاکە تا ئاستی هەربەشێک بەجیا دیاری بکات کاتێک دەکەوێتە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرێکی جیاوازەوە ئەمەش وادەکات کێبرکێ دروست ببێت و ئەو بەڕێوەبەرانە ئاشکرا بکات کە وادەنوێنن گوایە لەوە باشتر کارناکرێت لەو بەشانەدا.

    -7ئاشکراکردنی کارمەندی سەربەکێشە و بەڕێوەبەری خۆبەزلزان:

     هەندێک جار فەرمانبەرێک بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ بەڕێوەبەرێکدا لەجێگەیەکدا کاردەکات و وا دەردەکەوێت کە کەسێکی نەشیاو و سەرنەکەوتووە لەکاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەڕێوەبەرەکە وای لێکردەر کارەکەی خۆی لەبەرچاوبکەوێت، هەر بۆیە جێگۆڕکێی کار وادەکات ئەو بەڕێووەبەرە لەگەڵ کارمەندی تردا کاربکات و کارمەندەکەش بچێتە لای بەڕێوەبەری تر ، ئالێرەشەوە بۆ کارگێڕی دەزگاکە ڕوون دەبێتەوە کاکامەیە ئەو کەسەی بەردەوام سەرنەکەوتن و کێشەکانی لەگەڵ خۆیدا دەبات لە جێگایەکەوە بۆ جێیەکی تر و کامەشە کە ئەگەر لە جێگایەکدا سەرکەوتوو نەبوو ئەوا دەتوانێت لە شوێنی دووەمدا سەرکەوتویی خۆی بنوێنێت، هەندێکجار بەڕێوەبەر بەهۆی خراپی کارمەندەکانی بەدەستی سەرکەوتوو نابێت بەڵام جێگۆڕکێی کار وادەکات کە بەهۆی گۆڕینی کارمەندەکانییەوە سەرکەوتوو بێت.

    -8ڕەخساندنی هەل لەبەردەم کارمەنددا تا بەهرەمەندی خۆی لە بواری جیاوز و بارودۆخی جیاوادا بخاتە ڕوو:
    جێگۆڕکێی کار ئەو هەلە دەخاتە بەردەم کارمەند کە لەکارو باری فەرمانبەراندا سەرکەوتوو نەبوە تابتوانێت لە بواری ڕاهێنان یان پەیوەندی گشتییدا سەرکەوتوو بێت، هەروەها هەلدەخاتە بەردەم ئەو فەرمانبەرەی کە لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی کۆنەخوازدا سەرکەوتوو نەبوە تا لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی هاوچەرخ و مۆدرێندا سەرکەوتوو بێت ، یان ئەوەی کە هاوکارەکەی یارمەتیدەری نەبوو ئەمجارەیان بە هۆی هاوکارێکی باشەوە سەرکەوتوو بێت.

    -9وەرگرتنی شارەزایی لە یەکترەوەو فێربوون لە هاوکارانی زیاتر:
     مرۆڤ لەکەسانی دەوروبەری ولەو کەسانەوە کە شارەزاییان لەخۆیان زیاترە هەمیشە شتی نوێ فێردەبێت ، جێگۆڕکێی کاریش وادەکات زۆرترین بەریەککەوتنی هەبێت لەگەڵ خەڵکانێکی زۆردا و لەئەنجامدا شارەزاییەکی زۆرتر دەبەخشێت بەو کەسە.

    -10چاککردنی پەیوەندی لەنێوان کارمەنداندا:
     جێگۆڕکێی کار وادەکات ئەحمەد لەگەڵ زەید و زیاد کاربکات و پاش ماوەیەک ئەحمەد دەچێتە بەشێک و زیادیش دەچێتە بەشێکی تر ، کاتێکیش پەیوەندی کار لەنێوان ئەم بەشانەدا دەبێت ئەوا پەیوەندی نێوان ئەحمەد و زەید و زیاد دەبێتە هۆکاری پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان بەشەکانیشیاندا ، بەم جێگۆڕکێی کارەش ئەوا پەیوەندییەکی توند وتۆڵ لە نێوان بەڕێوەبەران و کارمەندانی بەشە جیاوازەکانی دەزگاکەدا دروستدەبیت.
    -11زیادکردنی چاودێری:
     مانەوەی کۆمەڵێک کارمەند لەهەمان کاردا بۆ چەند ساڵێک وادەکات _ئەگەر گەندەڵ بن_ ئەوا لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون تا فێڵ لە بەڕێوەبەرەکەیان بکەن تا بەوە دەگات کە دزیش بکەن ، جێگۆڕکێی کار ئەگەری ڕوودانی ئەمە کەمدەکاتەوە , چونکە نە کارمەندەکە نە هاوکارەکانی و نە بەڕێوەبەرەکەشی بە بەردەوامی لەو جێگایەدا دەمێننەوە.

    ئامادەکردنی :لانە بەختیار 


    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک

    0 comments:

    Post a Comment

    Item Reviewed: جێگۆڕکێی کار چیە و سودەکانی؟ Rating: 5 Reviewed By: Unknown
    Scroll to Top